Home ➡️ English Learning Tips ➡️ چیرۆکی منداڵان؛ جینجر زەڕافە

چیرۆکی منداڵان؛ جینجر زەڕافە

👁 Views: 2,243

جینجر زەڕافە چیرۆکێکی خۆش و پەروەردەییە دەربارەی هاوڕێیەتی و هاوسۆزی و ڕزگاربوون لە کاتی قەیرانەکاندا. ئەم چیرۆکە جوانە کە لە بارۆدۆخی ئاژەڵەکان لە ناو بیابانێکی فراوانی ئەفریقادا بە ناوی ساڤانا دەگێڕێتەوە، هاوخەمی و هاوکاری جینجریا جینجەر زەڕافە کە پاڵەوانێکی میهرەبان و زیرەکە لەگەڵ کۆمەڵێک ئاژەڵی دیکەمان پێدەناسێنێت. جینجر بە باڵای بەرز و ملی درێژی نەک تەنها خواردنی خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵکو هەمیشە ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی کەسانی تر. کاتێک وشکەساڵییەکی درێژخایەن خۆراک و ئاوی ئاژەڵەکانی ساڤانا کەم دەکاتەوە، جینجر و هاوڕێکەی میکی مەیموون بڕیار دەدەن هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ناوی چیڕۆک  جينجر زەڕافه (Ginger; the Giraffe)
نووسەر تی، ئاڵبرت (T.Albert)
بڵاوکردنەوە Monkey Pen
وێنەسازی maaillustrations.com
وەرگێڕان، دووبارە نووسینەوە، گێڕانەوە، و ئامادەکردنی ڤیدیۆ ئەحمەد عوسمانی

چیرۆکی منداڵان؛ جینجر زەڕافە - Ginger; the Giraffe
چیرۆکی منداڵان؛ جینجر زەڕافە – Ginger; the Giraffe

 

ئەو چیڕۆکەی دەمهەوێ بۆتان بگێڕمەوە دەربارەی چەند ئاژەڵێکە کە لە بیابانێک لەگەڵ یەکتر دەژیان. ئەو بیابانە ناوی ساڤانا بوو و شوێنێکی زۆر گەرم و ئیشک بوو کە لە ئەفریقایە هەڵکەوتبوو.
لە نێو ئەو ئاژەڵانەی کە لە ساڤانا بون، زەڕافەیەکی ژیر و میهرەبانی تێدا بوو کە ناوی جینجر بوو.
منداڵەکان، دەزانن زەڕافە چۆنە و چ جۆرە ئاژەڵێکە؟
ئافەرین! زەڕافە ئاژەڵێکی درێژ و قەد بڵیندە کە ملێکی درێژی هەیە.
ئەدی دەزانن زەڕافە چ دەخوا؟
بەڵێ دروستە. زەڕافەکان گیا و گەڵای دارەکان دەخۆن.

منداڵەکان جینجر چیڕۆکی مەش ئەو جۆرە بوو. باڵا بەرز بوو، دمی دەگەیشتە شوێنە بەرزایەکانی دارەکان و دەیتوانی گەڵاکانی لقەکانی سەر سەرەوەی دارەکانش بخوات کە هیچ ئاژەڵێکی دیکە نەیدەتوانی بگاته ئەو شوێنانە، تەنانەت مەیمونەکان و فیلەکانیش نەدەگەیشتنە ئەو شوێنە بەرزانە. بەتایبەت لە ساڤانا کە زۆر گەرم و ئێشک بوو و تەنها چەند دارێکی بڵند بوون کە گەڵایان پێوە مابوو.

ئاژەڵەکانی تر بە سەختی خۆراکیان دەدۆزێوە. ئەخەر دەزانن، ساڤانا کە شوێنێکی زۆر گەرم و ویشک بوو، ماوەیەکی زۆر بوو باران لەوێ نەباریبوو، دار و ڕووەکیشی زۆر کەم بوو.

هاوڕێیان! بیابانی ساڤانا ماوەیەکی زۆرە کە وەها وشکەساڵییەکی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەو دار و گیایانەی کە لەوێ بوون زۆر زەرد و وشک و کەم ببوون.

خۆشەویستانم ڕۆژێکی زۆر گەرم کە خۆر لە ئاسمان فەرمانڕەوایی دەکرد، جینجر لەگەڵ هەندێک زەڕافەی تردا خەریکی خواردنی گەڵا بوو، گەڵا بە تامەکانی سەر لوتکەی دارەکانیان دەپچڕاند و دەیانخوارد. لە پڕتا، لە خوارەوە گوێی لە دەنگێک بوو… دەنگێکی لاواز و ماندوو دەیگوت: “جینجر! جینجر!”
جینجر ملە درێژەکەی خوار کردەوە و سەیری خوارەوەی کرد. بینی کە میکی هاوڕێی کە مەیموونێکی بچووکی ژیکەڵە بوو، لەوێ کەوتۆتە خوارەوە، بەڵام ئەمجارەیان نە یاری دەکرد و نە پێدەکەنی. میکی بە لەشی ماندوو و بێ هێزەی هەوڵیدا شتێک بڵێت، بەڵام بە هەزار زەحمەت تەنها توانی چەند وشەیەک بڵێت. پێش ئەوەی بتوانێ شتێکی تر بڵێت لەسەر زەوی بەربۆوە!
جینجەر کە زۆر میهرەبان و زیرەک بوو، تێگەیشت کە میکی لە برسێتی و گەرما کەوتۆتە سەر زەوی. بۆیە زوو بە خێرایی چەند گەڵایەکی تازەی لە سەری دارەکە لێکردەوە و لەبەردەم میکی دانا و کوتی: “هەستە میکی! خواردنم بۆ هێناوی”.

میکی وردە وردە چاوەکانی کردەوە و دەستی کرد بە خواردنی گەڵاکان. دوای چەند خولەکێک کەمێک هێور بووەوە. جینجەر بە نیگەرانییەوە لێپرسی و کوتی: “چ بۆ؟ بۆچی ئەوەندە برسیتە؟”

میکی کوتی: چەند هەفتەیەکە باران نەباریوە. “هەموو وڵات وشک بووە. لە هیچ شوێنێک هیچ شتێک نییە بیخۆین. هەموو ئاژەڵەکان نیگەرانن. تەنانەت بیر لەوە دەکەنەوە کە ساڤانا بەجێبهێڵن و بەرەو دارستانەوە بڕۆن.”

جینجەر بە سەرسوڕمانەوە وتی: “بەڵام دارستان خۆ زۆر دوورە! کێ لەم بارودۆخە و لەم گەرمایەدا دەتوانێت بگاتە وێ!؟”

میکی وتی: هیچ ڕێگەیەکی تر نییە. “ڕووەکخۆرەکانی وەک ئاسکەکان و تەنانەت فیلەکانیش ئیتر هیچ شتێکیان نییە بۆ خواردن. لەوانەیە هەموومان لێرە قڕمان بێ لە برسان و لەناو بچین.”

جینجەر کەمێک بیری کردەوە و پاشان وتی با بچینە لای سوڵتان لیۆ.
دەزانن منداڵەکان؟ لیۆ شێرێکی ژیر و تێگەشتوو بوو. جینجەر وتی: لێۆ شێری ژیری ساڤانایە. “دەتوانێت یارمەتیمان بدات و ڕێنماییمان بکات کە چی بکەین”.

میکی بێهێز بوو و هیچ وزەیەکی نەبوو بۆ ڕۆیشتن. لەو گەرمایەدا نەیدەتوانی بە ئاسانی بڕوا. بۆیە جینجەر لەسەر پشتی خۆی داینا و وتی: “توند ملم بگرە تا بچینە لای لیۆ”.

میکی بە توندی دەستی بە ملی درێژی جینجەرەوە گرت و پێکەوە بەرەو ماڵی لیۆ بەڕێ کەوتن. لیۆ زۆرجار لەسەر بەردێکی بەرز دادەنیشت و لەوێوە چاودێری هەموو ئاژەڵەکانی ساڤانای دەکرد.

جینجەر و میکی دەگەنە ماڵی لیۆ و سڵاوی لێدەکەن. لێۆ کە کەمێک خەواڵوو بوو، چاوەکانی کردەوە. پاشان پێکەنی و وتی سڵاو هاوڕێیان! چۆنن؟

چیرۆکی منداڵان؛ جینجر زەڕافە - Ginger; the Giraffe
چیرۆکی منداڵان؛ جینجر زەڕافە – Ginger; the Giraffe

جینجەر باسی گرفتەکەی بۆ کرد. لیۆ کەمێک بیری کردەوە و وتی: ئێمە هیچمان لەدەست نایە کە باران ببارێنین، بەڵام درەنگ یا زوو باران دەبارێ، تا ئەو کاتە باشترین شت بۆ ئاژەڵەکان ئەوەیە بەرەو دارستان بڕۆن، خواردن لەوێ دەست دەکەوێ، بەڵام گەشتەکە درێژ و سەختە.
جینجەر و میکی سوپاسی لیۆیان کرد و چوونە لای باقی ئاژەڵەکان. ئاژەڵەکان لە دەوری دارێک کە جینجەر خۆشی دەویست کۆ ببوونەوە. یەکێکیان وتی: هەڵۆ پێی گوتین دەتەوێت بمانبەی بەوەر دارستان!
ئاسکەکەش وتی: گوێمان لێ بوو چووی و قسەت لەگەڵ لیۆ کرد!

فیلێکی گەورە هاتە پێشەوە و وتی: جینجەر ئەگەر تۆ ڕێگامان پێشان بدەیت ئەوە ئێمە ئامادەین لەگەڵت بێین. جینجەر زەردەخەنەی کرد و وتی: “هەرچی لە توانامدا بێت دەیکەم بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدەم، من هاوڕێی ئێوەم”.

منداڵەکان، ئاژەڵەکانی ساڤانا، هەموویان تینوو و برسی بوون. لەو بیابانە وشک و گەرمەدا، ئاو و خۆراکیان نەمابوو. بۆیە هەموویان بڕیاریان دا پێکەوە بەرەو دارستانەکە بڕۆن بۆ ئەوەی خواردنی نوێ بدۆزنەوە و لەو گەرمایە ڕزگاریان بێت. هەرچەندە مەودای بیابان و دارستانەکە زۆر دوور و درێژ بوو و چەند ڕۆژێکی دەویست تا بگەنە وێ، بەڵام هیچ چارەیێکی دیکەیان نەبوو. لە کۆتاییدا هەموو ئامادە بوون بەرەو دارستانەکە بەڕێ کەون لە ژێر ئەو خۆرە گەرم و داغەدا.

منداڵە خۆشەویستەکان، کاتێک ئاژەڵەکان ئامادە بوون کە بڕۆن، لەناکاو گوێیان لە دەنگێکی ترسناک بوو: منداڵەکان، پێتان وایە ئەو دەنگە چی بووە؟
هەورەکان لە ئاسمان کۆدەبوونەوە و وێک دەکەوتن و دەنگێکی ترسناکیان لێ دەهات.
هەموو ئاژەڵەکان ترسان و هاواریان کرد: “ئای، هەورەتریشقە!!” جینجەر ملی خۆی بەرز کرد و بینی بەشێک لە بیابانی ساڤانا کە زۆر وشک بووە، بەهۆی هەورەتریشقەوە ئاوری گرتووە!

دوکەڵ لە دوورەوە دیار بوو. ئاگرەکە کە بەهۆی هەورەتریشقەوە دروست بوو بە خێرایی بەسەر گیای وشکی بیابانەکاندا بڵاودەبووەوە و لە ئاژەڵەکان نزیکتر و نزیکتر دەبووەوە!
جینجەر کە باڵا بەرز بوو، ملی بە درێژایی ڕێگاکە بەرز کرد و سەیری دەوروبەری کرد. شوێنێکی بینی کە لە ئاگرەکە سەلامەت بوو. هاواری کرد: “با هەموومان بەو ڕێگایە بڕۆین، خێرا ڕابکەین!”

 

هەموو ئاژەڵەکان بە دوای جینجەردا ڕایانکرد. بە هەناسەبڕکێ و ترسەوە گەیشتنە ئەو شوێنە سەلامەتە لە بیابانی ساڤانادا. هەموویان بە ترسەوە سەیری ئاگرەکەیان دەکرد کە بەشێکی زۆری ساڤانای داگرتبوو. منداڵە خۆشەویستەکان ئاژەڵەکان لەو دۆخەدا زۆر گوناح و بێ پەنا بوون. ماڵەکەیان هێواش هێواش وێران دەبوو و خەریک بوو بسوتێ.

لە کاتێکدا ئاژەڵەکان لە ترس و خەمی ژیانی خۆیان و ژینگەی دەوروبەریان دەگریان و بێدەنگ بوون، یەکێک لە ئاسکەکان هاوارێکی کرد و وتی: “بارااااااان!”
دڵۆپێک باران وە دەموچاوی جینجەر کەوت. وردە وردە دڵۆپە بارانەکان زیاتر و زیاتر بوون و هەموویان هەستیان پێکرد. منداڵەکان ئاژەڵەکان لە لایەک بەهۆی ئەو بارانەی کە چەند مانگ بوو نەیانبینیبوو دڵخۆش بوون. بەڵام لە لایەکی ترەوە بەهۆی ئاگرەکە، ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ دروست ببو.
بەڵام منداڵە خۆشەویستەکان لەم نێوەندەدا شتێکی جوان قەوما. دەتوانن پێمبڵێن کە چی ڕوویدا؟

بەڵێ منداڵە خۆشەویستەکان، وردە وردە بارانەکە زیاتر و زۆرتر، قورس و قورستر بوو، بارانەکە ئەوەندە قورس و زۆر بوو کە ئاگرەکەی کوژاندەوە و خاکی تینووی ساڤانای بە تەواوی ئاو دا و تێری کرد. ئەخەر منداڵەکان، ئاژەڵەکان ماوەیەکی زۆر لەمێژ بوو کە وەها بارانێکی خۆش و زۆریان نەبینیبوو.
ئاژەڵەکان بە خۆشیوە هاواریان دەکرد.
منداڵە خۆشەویستەکان دەزانن بۆچی ئاژەڵەکان ئەوەندە دڵخۆش بوون!؟
بەڵێ بارانەکە پێشتر هەموو شتێکی تەڕ کردبوو، بارانەکە خواردن و ئاوی هێنابووەوە بۆ ساڤانا. لە هەمووی گرنگتر، چیتر ئاژەڵەکان ناچار نەبوون ساڤانا بەجێبهێڵن و بەرەو دارستانەکە بڕۆن.

منداڵە جوانەکان، وەرزی بارانبارین دەستی پێکردبوو و زۆری نەخایاند هەموو ساڤانا وەک جاری جاران سەوز بۆوە. ئیدی ئاژەڵەکان ئاو و خواردنی پێویستیان هەبوو. جینجەرهەموو ڕۆژێک سەردانی دارە خۆشەویستەکەی خۆی دەکرد و بە بینینی هەموو گەڵا سەوزەکانی سەر دارەکە دڵخۆش بوو. گەڵاکانی لە هەموو کاتێک سەوزتر بوون. مەیموون و فیلەکان وەک باقی ئاژەڵەکان بووژانەوە.

منداڵە خۆشەویستەکان، جارێکی تر خوای میهرەبان لە ئاسمان بارانی بۆ ساڤانا و ئاژەڵەکانی نارد، کە هەم ئاو و هەم خۆراکی پێویستی بۆیان دابین دەکرد.
منداڵە خۆشەویستەکان بەم شێوەیە، بە ڕوحمی خودا، هەموو ئاژەڵەکان بە شادی و خۆشحاڵییەوە ڕۆژە خۆشەکانیان لە ساڤانا دەست پێدەکردەوە.

بە کارەکتەرە خۆشەویستەکان و بارودۆخە سەرنجڕاکێشەکان، ئەم چیرۆکە نیشان دەدات کە چۆن بە هاوکاری و هیوا، تەنانەت گەورەترین کێشەکانیش دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. ئەم چیرۆکە سەرسوڕهێنەرە، کە پەیامی قووڵی لەسەر گرنگی سروشت و هاوڕێیەتی و خۆڕاگری لە بەرامبەر ئاستەنگەکاندا هەیە، هەڵبژاردەیەکی ئایدیاڵە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵان، مێشکیان دەکاتەوە بۆ خەونێکی جیهانێکی گیانلەبەرەکان و سەرگەرمیەکان.

ئەوەش چیڕۆکی ئەوڕۆمان، هیوادارم بە دڵتان بوبێت و سوودی باشتان لێوەرگرتنێت.
تا چیڕۆکێکی دیکە هەمووتان بە خوای گەورە و میهرەبان دەسپێرم. خوا ئاگادارتان بێت.

بۆ دیتنی ئەم چیڕۆکە بە زمانی فارسی کلیک بکە

بۆ دیتن و خوێندنەوەی چیڕۆکەکانی تر کلیک بکە

🎓 دوره جامع آموزش مکالمه زبان انگلیسی
از صفر تا صد مکالمه | مشاهده جزئیات دوره

Leave a Comment

Scroll to Top